سیاسەتی تێکەڵکردنی خوێندنی پەنابەران یارمەتی ئەحمەد دەدات لە گەڕانەوەی بۆ قوتابخانە

ئەحمەد و سیبەر لە ڕێگای چونیان بۆ قوتابخانە. © UNHCR | J. Cheewasrirungruang

کەمپی پەنابەرانی دۆمیز ٢، پارێزگای دهۆک، هەرێمی کوردستان، ئێراق – تشرینی دووەم ٢٠٢٢

غالب و خێزانەکەی، دوای هەڵاتن لەتوندوتیژیەکانی لەوڵاتی خۆیان، لەساڵی ٢٠١٢  لەسوریاوە گەیشتنە هەرێمی کوردستانی عێراق و لە چەند ناوچەیەکی جیاواز لەپارێزگای دهۆک لەهەرێمی کوردستانی عێراق نیشتەجێ بوون، ئەو خێزانە تێکۆشان بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی ژیانیان لەدەربەدەری لە هەرێمی کوردستانی عێراق دابین بکەن. ئەو خێزانە کەحەوت منداڵیان هەیەو یەکێکیان کێشەی بینین و یەکێکی تریشیان کێشەی دواکەوتنی گەشەی هەیە، گەشتە حەوت ساڵانەکەی دەربەدەرییان لەشاری دهۆک دەستپێکرد و لەساڵی ٢٠١٩ لەکەمپی پەنابەرانی دۆمیز گیرسانەوە. خێزانەکە بەهۆی ئەوەی ژیانی دەرەوەی کەمپ قورس بوو بۆیان، بۆیە ڕوویان لەژیانی ناو کەمپ کرد.

دوای ئەوەی غالب و خێزانەکەی ڕوویان لەکەمپی دۆمیز کرد، غالب هەموو هەوڵێکی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی سێ منداڵەکەی لە یەکێک لەقوتابخانەکانی ناو کەمپەکەدا تۆمار بکات. لەبەر ئەوەی منداڵەکانی لەقوتابخانە حکومییەکانی هەرێمی کوردستانی عێڕاق ناویان تۆمار کردبوو و بە زمانی کوردی ناوخۆیی مەنهەجی کوردیان خوێندبوو لەکاتێکدا قوتابخانەکانی ناو کەمپەکە هێشتا ئەو کات بەزمانی عەرەبی وانەیان لێ دەگوترایەوە، بۆیە ئەحمەد و دوو خوشک و براکەی لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لەخوێندن دابڕابوون.

لەمانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٢، غالب توانی دووبارە سێ لەمنداڵەکانی لەقوتابخانە تۆمار بکاتەوە، سوپاس بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی تێکەڵکردنی پەروەردەی پەنابەران لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئێستا ئەحمەد و خوشک و براکانی دەتوانن بچنە قوتابخانە و لەگەڵ هاوپۆلەکەیان فێرببن.

غالب (باوکی ئەحمەد) وتی”ئەحمەد لەقوتابیە نایابەکان بوو. بەڕاستی هەستم بە ناڕەحەتی دەکرد کەدەمبینی لەقوتابخانە دابڕاوە و لەداهاتووی ئەو نیگەران بووم. کاتێک ئەمساڵ زانیاریم لەسەر سیاسەتی نوێی پەروەردە زانی، یەک چرکەم بەفیڕۆ نەدا و پەیوەندیم بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە کرد بۆ بەدەستهێنانی هەموو بەڵگەنامە پێویستەکان و تۆمارکردنی لەقوتابخانەیەکی حکومی ناوچەکە”.

تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ | ئەحمەد و سیبەر لەگەڵ باوکیان دانیشتون بۆ پێداچوونەوە بەوانەکانیان پێش ئەوەی وانەکانیان لە دەوامی پاشنیوەڕۆ دەستپێبکەن. ئەحمەد کوڕێکی پەنابەری سوری تەمەن دە ساڵانە، دوای نزیکەی سێ ساڵ دابڕان لەقوتابخانە، دووبارە لەقوتابخانەی حکومی ژڤان ناوی تۆمارکردەوە لە کاتێکدا خوشکە حەوت ساڵانەکەی لەم وەرزەدا ساڵی دووەمی خوێندنی لەهەمان قوتابخانە دەستپێکردووە.

لەقوتابخانەی ژڤان ئەحمەد گەورەترینی هاوپۆلەکانی بوو چونکە دەبوو سەرلەنوێ دەستپێبکاتەوە بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو ساڵانە بکاتەوە کە لەقوتابخانە دابڕابوو. جیاوازی تەمەن لەگەڵ قوتابیەکانی تر بەهیچ شێوەیەک بێهیوای ناکات. ئەو دڵخۆشە کە دووبارە گەڕاوەتەوە قوتابخانە. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش، لەلایەن مامۆستایانەوە وەک نوێنەری پۆل هەڵبژێردرا، ئەمەش وایکرد زۆر شانازی بەخۆیەوە بکات. ئەحمەد بە جۆش و خرۆشەوە وتی “ زۆر دڵخۆشم بەگەڕانەوەم بۆ قوتابخانە. بەڕاستی بیری هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی کتێبی خوێندن و ئامادەبوونم لەگەڵ هاوپۆلەکانم دەکرد. نەمدەزانی داهاتوو بۆ من و خوشکەکەم چۆن دەبێت. بەڕاستی گەڕانەوەمان بۆ قوتابخانە هیوا بەخشە”.

ئەحمەد (ناوەڕاست) و سیبەری خوشکی (چەپ) لەلایەن باوکیان غالب (ڕاست) لەپێداچوونەوە بەوانەکانیاندا پاڵپشتی دەکرێن. © UNHCR | J. Cheewasrirungruang
سیبەر خۆی بۆ ئەم وەرزە ئامادە دەکات کە تیایدا سەرجەم بابەتەکان بە زمانی کوردی دەخوێندرێن. © UNHCR | J. Cheewasrirungruang

سەبارەت بەسیبەر، ساڵی ڕابردوو پۆلی یەکەمی لەقوتابخانەیەکدا دەستپێکردبوو کە مەنهەجی وانەوتتنەوەی بەزمانی عەرەبی بوو. ئەمساڵ مامۆستاکانی بەزمانی کوردی قسە دەکەن ئەمەش دڵخۆشی کردوە، سیبار وتی “دڵخۆشم بەخوێندن بەو زمانەی لەگەڵ خێزانەکەم و هاوڕێکانم قسەی پێدەکەم”.

لەسەر ئاستی جیهانی، کۆمسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) و هاوبەشەکانی لەنزیکەوە لەگەڵ حکومەتەکاندا کاردەکەن بۆ داکۆکیکردن لەدەستڕاگەیشتن بە خوێندنی ئاست بەرز بۆ پەنابەران لەسیستەمی پەروەردەی گشتی ئەو وڵاتەی کەمیواندارییان دەکات. سیاسەتی تێکەڵکردنی پەروەردەی پەنابەران نموونەیەکی سەرکەوتووە بەسەرپەرشتی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان. جێبەجێکردنی سیاسەتی تێکەڵکردنی پەروەردەی پەنابەران لەم ساڵدا دڵنیایی دەدات لەوەی کەمنداڵانی پەنابەر لەپۆلی یەک تا چوار دەرفەتی باشتریان بۆ تێکەڵبوون بەکۆمەڵگەی ناوخۆیی هەیە و ڕێگە بەهەموو منداڵان دەدات بەیەکسانی دەستیان بگات بەخوێندنی ئاست بەرز و بەشێک بن لەهەمان کۆمەڵگا لەڕێگەی پتەوکردنی پەیوەندی نێوان منداڵانی پەنابەر و منداڵانی کۆمەڵگەی میواندار کە پێکەوە لەهەمان قوتابخانە دەخوێنن. سیاسەتی تێکەڵکردنی پەروەردەی پەنابەران تەنها بۆ قوتابیان سوودمەند نیە، بەڵکو پشتگیری لەڕێکخستنی مامۆستایانی لێهاتووی سوری دەکات بۆ ئەوەی مافی یەکسانیان لەوەرگرتنی یارمەتی هەبێت وەک مامۆستایانی کۆمەڵگەی ناوخۆیی – ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورەیە چونکە یارمەتی پەنابەران دەدات بژێوی ژیانیان دابین بکەن و پشتگیری لەسیستەمی پەروەردە بکەن کەپێشوازی لەقوتابی زیادە کردووە.