خۆت و خێزان و کۆمەڵگاکەت بپارێزە

لەم دواییانەدا زۆر کەس هەوڵیانداوە بە رێگای جیاواز عێراق جێبهێڵن، بەشێکیان لەڕێگای ئێران و تورکیاوە بۆ ئەوەی خۆیان بگەیەننە یەکێتی ئەوروپا بۆداواکردنی مافی پەنابەرێتی. ئەم گەشتانە زۆر کات لەلایەن چەند قاچاخچییەکەوە رێکدەخرێن و هاندەدرێن کە داوای پارەیەکی زۆر دەکەن بەبێ هەبوونی گەرەنتی گەیشتنت بە شوێنی مەبەست

لە ساڵانی رابردوودا هەزاران لەو هاوڵاتییانە خۆیان و خێزانیان کەوتوونەتە ناو دۆخی زۆر سەختەوە و شوێنی مانەوە، خواردن و خواردنەوە و چاودێری پزیشکیان نەبووە. بەشێکی زۆریان لە سنوورەکان گەڕێندراونەتەوە و دۆخیان لە پێش گەشتەکە خراپتر بووە، پارەیان پێنەماوە و تووشی قەرزێکی زۆربوون و ماڵێکیان نەماوە بۆی بگەڕێنەوە. بەشێکی زۆر کەمیان گەیشتوونەتە یەکێتی ئەوروپا و ئەوانەی گەیشتووشن دەڵێن، خۆیان و ئەندامانی خێزان و منداڵەکانیان تووشی بارودۆخێکی سەختی دەروونی بوونەتەوە.

لە مەترسییەکان تێبگە

هەرچەندە داواکردنی پەنابەری مافی خۆتە و دەبێت رێزی لێبگیرێت، بەڵام دەبێت ئاگاداربیت گەشتکردن بەبێ ڤیزا کارێکی زۆر مەترسیدارە و لە هەرکوێ داوای مافی پەنابەری بکەیت ئەگەری هەیە خۆت و خێزانەکەت بخەیتە بەردەم مەترسی فیزیکی، دەروونی و داراییەوە

قاچاخچییەکان کاتێک ئەم گەشتانە رێکدەخەن لەوانەیە داوای پارەت لێبکەن لە پێش، یاخود لەکاتی و لەدوای گەشتەکەدا و ناتوانن هیچ گەرەنتییەکت بدەنێ کە بتگەیەننە شوێنی مەبەست. خۆت و خێزانەکەت لەوانەیە ببنە قوربانی دەستی کەسانێک کە تەنیا بیر لە قازانج و بەرژەوەندی خۆیان دەکەنەوە کاتێک بەڵێنت پێدەدەن کە بتگەیەننە وڵاتێکی دیکە بەشێوەیەکی نایاسایی. ئەو کەسانە سەلامەتی و بەرژەوەندی تۆیان بەلاوە گرنگ نییە و سوود لە دۆخەکەت دەبینن کە ناتوانیت بە شێوەیەکی یاسایی گەشت بکەیت. خۆت و خێزانەکەت لەوانەیە رووبەڕووی مەترسی سوکایەتیکردن و قۆستنەوەی بارودۆخەکەتان بۆ مەبەستی خراپ ببنەوە.

دەستکەوتنی ڤیزا بۆ وڵاتێکی هاوسنوور لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا گەرەنتی گەیشتنت بە ئەوروپا ناداتێ. وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ڤیزایان جیاوازە و بەبێ هەبوونی ناتوانیت بە سەلامەتی بگەیت و رووبەڕووی مەترسی دەستگیرکردن، جیابوونەوە لە خێزانەکەت و گەڕاندنەوەت بۆ وڵاتەکەت دەبیتەوە.

بزانە پێش ئەوەی بڕۆیت

بەپێی رێنماییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای دهۆک هەر کاتێک هاوڵاتییەک هەرێمی کوردستان لەڕێگەی وشکانی یاخود ئاسمانەوە جێبهێڵێت چیدیکە بۆی نییە داوای خۆتۆمارکردن لە کۆمسیۆنی باڵای نەتەوەیەکگرتووەکان بکات یاخود کارتی نیشتەجێبوون بەدەستبهێنێت، تەنیا ئەگەر رێگەپێدانی بەڕێوەبەرایەتی نیشتەجێبوونی وەرگرتبێت پێش گەشتەکەی.

خۆت و خێزانەکەت بپارێزە

ئاگاداری ئەو بەڵێن و دەنگۆیانە بە کە لە سۆشیاڵ میدیا و وێبسایتی متمانە پێنەکراو دەیانبینیت. چەندین پەیج و وێبسایتی ساختە لەسەر سۆشیاڵ میدیا هەیە کە بەڵێنی ناراست دەدەن و تەنانەت خۆیان وەکو کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، یاخود نەتەوە یەکگرتووەکان، یاخود وەکو کونسوڵگەری وڵاتانی دیکە پیشان دەدەن بۆ دەستکەوتنی پارە و خزمەتگوزاری.

لەکاتی بینینی هەر رێکخراوێک یاخود کەسێک کە بانگەشەی کارکردنی بۆ کۆمسیۆنی باڵای پەنابەران کرد و داوای پارەی کرد لەپێناو هاوکاریکردندا، لێی دوور بکەوەرەوە و ئاگادارمان بکەرەوە. تکایە بەردەوام بیرت بێ هەموو خزمەتگوزارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکان بێ بەرامبەرن.

پەیوەندی بکە

ئەگەر خۆت یان خێزانەکەت پێویستیان بە ئامۆژگاری، پشتگیری یاخود راوێژکاری هەیە سەبارەت بە دۆخیان لە عێراق، لەناویاندا ئەگەر حەزبکەیت لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەت لە ئەوروپا یاخود بەریتانیا یەکبگرنەوە، پەیوەندی بە کۆمسیۆنی باڵا یاخود هاوبەشەکانمانەوە بکە بۆ دەستکەوتنی زانیاری