وەزارەتی ناوخۆوە سەبارەت بە سزای بەسەرچوونی نشینگە و ڤیزای کەسانی بیانی چەند بڕیارێک دەردەکات

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی هاوکاریکردن و کارئاسانی بۆ ئەو بیانیانەی بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە نەیانتوانیوە گەشت بکەن یان نشینگەکانیان نوێ بکەنەوە، بڕیاریدا بە لێخۆشبوونی لە سزای دارایی بەم شێوەیەی خوارەوە:

یەکەم/ بۆ ئەوانەی نشینگەیان بەسەرچووە و لە دەرەوەی هەرێمن:-

ئەوانەی لە دوای ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ نشینگەکەیان بەسەرچووە، دەتوانن تا ٣٠ـی نیسانی ٢٠٢٦ بە هەمان کارت بگەڕێنەوە هەرێم و بێ سزا نشینگەکەیان نوێ بکەنەوە. دوای ئەم ڕێکەوتە پێویستیان بە ڤیزای نوێ دەبێت.

دووەم/بۆ ئەوانەی دەیانەوێت گەشتی دەرەوە بکەن:-

ئەو بیانیانەی نشینگە یان پاسپۆرتەکەیان بەسەرچووە و نەیانتوانیوە گەشت بکەن، تا ٣٠ـی نیسانی ٢٠٢٦ دەتوانن بەبێ پێدانی سزای دارایی مۆری دەرچوون وەربگرن و گەشت بکەن. هەروەها ئەو کەسانەی کە بەڵگەیان هەیە کە مامەڵەی پاسپۆرتیان بەهۆی شەڕەوە دواکەوتووە، لە سزا دەبوردرێن.

سێیەم/ بۆ گەشتیاران خاوەن ڤیزا:

ئەو گەشتیارانەی لە دوای ٢٨ـی شوباتی ٢٠٢٦ ڤیزاکەیان بەسەرچووە، دەتوانن تا ٣٠ـی نیسانی ٢٠٢٦ بەبێ سزا لە فڕۆکەخانە و دەروازەکانەوە بچنە دەرەوە. ئەوانەشی دەیانەوێت ڤیزاکەیان بگۆڕن بۆ نشینگە، بەبێ سزا و بەپێی ڕێنماییەکان مامەڵەیان بۆ دەکرێت.

ئەم ڕێکارانە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بە شێوەیەکی یاسایی و بە ڤیزای هەرێمی کوردستان هاتوونەتە ناو هەرێمەکە. بەڵام هەڵگرانی کارتی ناسنامەی کەسی ناگرێتەوە.

ئەم بڕیارانە تەنها تا کۆتایی مانگی نیسانی ٢٠٢٦ کاری پێدەکرێت بۆیە پێویستە لە کاتی دیاریکراودا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەکانی پەیوەندیدار بکەن بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانتان.

بۆ زانیاریی زیاتر، سەردانی https://www.facebook.com/share/p/1CTzG6aFcs/ بکەن: